رەسول صالح خۆشناو
بوارەکانی کارکردنی من پەیوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و فرۆش (Public Relations & selling) و وەک ڕاهێنەر و ڕاوێژکارلەبوارەکانی پەیوەندیدار کار دەکەم. من ناوەڕۆکێکی بێبەرامبەر لەم ماڵپەڕە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئایدی rasulsaleh@ بەرهەم دەهێنم بۆ ئەوانەی ئارەزوومەندانی ئەو بوارە.
ژیاننامە:
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، لەساڵی ١٩٧٤ خێزانەکەی ئاوارەی ئێران دەبن و ساڵی ١٩٧٨ لە ئێران لەدایک دەبێت و خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە ئێران – نەغەدە تەواو دەکات و ساڵی ١٩٩٧ بۆ خوێندنی زانکۆ دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە زانکۆی سەلاحەددین، لە زمان و ئەدەبی کوردی بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنێت.
ساڵی ٢٠٠٢ لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن – بگۆڕی ناوەندی هەوڵیر دادەمەزرێت و شارەزای جیهانی ئایتی و گەیاندن دەبێت و بەشدار دەبێت لە دانانی بگۆڕ لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، شەقلاوە، چۆمان، هەروەها شارەزای جیهانی ئایتی و دروستکردنی ماڵپەڕ دەبێت و چەند ماڵپەڕیک دروست دەکات.
ساڵی ٢٠٠٥ لە وڵاتی ئەردەن بەشداری خولێکی GIS دەکات و دەگوازرێتەوە دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ساڵی ٢٠٠٨ دەبێتە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی هەمان وەزارەت. لەبەدواداچوون و گەڕان بۆ پەرەپێدان و خۆبەهێز لە کارەکانی، شارەزای پەیوەندییە گشتییەکان دەبێت و هەست دەکات کە ئەم بوارە پێویستە لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت. لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ هاوڕێیەکانی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان. چەندین خولی سەبارەت بەبابەتەکانی پەیوەندار بە پەیوەندییە گشتییەکان ڕێکخستووە یا بەڕێوەبردووە و دوو ژمارە لە گۆڤاری پەیوەندییە گشتییەکان بڵاو دەکەنەوە کە ئەرکی سەرنووسەری پێ دەسپێردرێت.
ساڵی ٢٠١٥ ڕاژەی دەگوازێتەوە دیوانی چاودێری دارایی و لەێ دەبێتە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان.
لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی تەورێز، بڕوانامەی ماستەر لە زانستەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان) بەدەست دەهێنێت و هەروەها بەشداری خولی MBA لە زانکۆی تەورێز دەکات.
چەندین خول و سیمیناری سەبارەت بە ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل، فرۆش ومەندوبی ئەنجام داوە و وەک ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەیوەندییە گشتییەکان و فرۆش و مەندوبی کار دەکات.
بەرهەم چاپکراوەکان:
١. هونەری ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل لە کار و بۆنەکاندا. (دووجار چاپ کراوە).
٢. فرۆشیاری پڕۆفێشنال.
٣. مەندووبی سەرکەوتوو.
٤. بازاڕدۆزی دیجیتالی (هاوبەش لەگەڵ ئاراس نووری).
٥. لەمامۆستای باش بۆ باشتر (هاوبەش لەگەڵ فەریدون ساڵح خۆشناو)
٦. سەرنووسەری گۆڤاری پەیوەندییە گشتییەکان (دوو ژمارە)
پەرتووکی بەردەست:
١. پەیوەندییە گشتییەکانی بازرگانی
٢. وەرز و ڕۆژە کۆردییەکان