دەستپێکردن و دامەزراندنی کار و بیزنسێکی نوێ، پڕۆسەیەکی پڕ لە چێژ و سەرکێشییە، بەڵام هاوکات پڕۆسەیەکی مەترسیداریشە. ئامارە جیهانییەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی 50٪ی بیزنسە بچووکەکان لە ماوەی پێنج ساڵی یەکەمیاندا ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە (دیارە ئەم ئامارە، زیاتر تایبەتە بە کۆمپانیا ستارتئەپە تەکنەلۆجییەکان و لەوانەیە لە کایەی بیزنسە نەریتی و خزمەتگوزارییەکاندا بەپێی پلاندانانی دروست کەمێک جیاواز بێت).
ئەم ئاستە بەرزە لە مەترسییە، گرنگیی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە پێش دەستپێکردن دەردەخات. هەبوونی چێکلیستی دەستپێکردنی بیزنس (Startup Checklist) یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی گرنگ فەرامۆش نەکەیت و چانسی سەرکەوتنی دامەزراوەکەت یان کۆمپانیاکەت بەرز بکەیتەوە.
ئێمە ئەم چێکلیستە گشتییەمان ئامادە کردووە، کە ئێوە دەتوانن بە پێی گەورەیی و بچووکی بزنیسەکەتان دەستکاری بکەن و خالی بۆ زیاد یا کەم بکەنەوە، هەروەها لەبیرت بێت کە ئەم چێکلیستیە بەڵگەنامەیەکی زیندووە و دەبێت بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و ئەزموونە کارگێڕییەکانتدا نوێی بکەیتەوە.
سوودەکانی هەبوونی چێکلیست (Checklist)
بەکارهێنانی چێکلیست لە سەرەتای دەستپێکردنی هەر پڕۆژەیەکدا سوودی زۆری هەیە:
ڕێگریکردن لە فەرامۆشکردنی هەنگاوە گرنگەکان: دڵنیایی دەدات کە هیچ ئەرک و کردارێکی سەرەکی لەبیر ناکرێت و بنەمای دامەزراوەکەت لەسەر بنەمایەکی پتەو بونیاد دەنرێت.
دروستکردنی ڕێکوپێکی و زیادکردنی بەرهەمداری: کاتێک کارەکان بەپێی پێشینەیی ڕیز دەکرێن، بەڕێوەبەر بە تەواوی دەزانێت هەنگاوی داهاتوو چییە و سەر لێشێواو نابێت.
شەفافیەت، بەرپرسیارێتی و هاوئاهەنگیی تیمەکە: ئەگەر کارەکە بە هاوبەشی لەگەڵ هاودامەزرێنەران یان تیمێکی بچووک دەست پێ بکەیت، ئەم لیستە ئەرکی هەر کەسێک بە ڕوونی دیاری دەکات.
کەمکردنەوەی دووبارەکردنەوەی کارەکان و تێچووی زیادە: ئەنجامدانی کارەکان بەبێ پلان دەبێتە هۆی دووبارەکردنەوەی بێسوودی کارەکان (Rework) و زیادبوونی تێچووەکان.
بەرزکردنەوەی ورە و دروستکردنی پاڵنەر: کارکردن بەبێ پلانێکی دیاریکراو دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ؛ ئەم لیستە کێشە گەورەکان دەکاتە هەنگاوی بچووک و ئاسان، کە ئەمەش پاڵنەرێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوون.
چێکلیستی گشتگیری دەستپێکردنی کار و بیزنس
ئەم مۆدێلە لە ١٠ جومگەی سەرەکیدا ڕێک خراوە کە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و تەنانەت دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتیش هاوشێوەیە:
١. توێژینەوە و شیکردنەوەی بازاڕ (Market Research & Analysis)
- پێناسەکردنی بازاڕی ئامانج و کەسایەتیی کڕیاری نموونەیی (Customer Persona).
- لێکۆڵینەوە لە پێویستی و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی کڕیاران لە ڕێگەی گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی قووڵەوە.
- دیاریکردنی قەبارەی بازاڕ و ڕەوتی گەشەی کەرتەکە.
- شیکردنەوەی ڕکابەرەکان، دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان و پێناسەکردنی خاڵی جیاکەرەوەی خۆت لە بازاڕدا.
- تاقیکردنەوەی سەرەتاییی بیرۆکەکە لەرێگەی کەمترین بەرهەمی پەسەندکراو (Minimum Viable Product – MVP)لە قەبارەیەکی بچووکدا بۆ دڵنیابوون لە پێویستیی بازاڕ.
٢. داڕشتنی ستراتیژی و مۆدێلی کارکردن
- داڕشتنی دیدگا (Vision)، پەیام (Mission)و ئامانجە سەرەکی و تایبەتەکان بە بەکارهێنانی مۆدێلی هۆشمەند (SMART goals).
- دیزاینکردنی مۆدێلی بیزنس (Business Model)و دیاریکردنی سەرچاوەکانی داهات و پێکهاتەی تێچووەکان (دەتوانیت بومەی مۆدێلی کارکردن بەکاربهێنیت).
- نووسینی پلانی بیزنس (Business Plan)کە پوختەی جێبەجێکردن، پێناسەی دامەزراوەکە، شیکردنەوەی بازاڕ، ستراتیژیی مارکێتینگ، پڕۆگرامی کارپێکردن و پلانی دارایی لەخۆ بگرێت.
- دیاریکردنی پێشنیاری بەهای بێهاوتا (Unique Value Proposition)و خاڵی جیاکەرەوەی کارەکەت.
- ئامادەکردنی پلانی کورتخایەنی جێبەجێکردن لەگەڵ دیاریکردنی کاتی کۆتایی و پێوەرە سەرەکییەکانی کارکردن (KPIs).
٣. کاروبارە یاسایییەکان و تۆمارکردن
- ئامادەکردنی ڕێککەوتنامەی هاودامەزرێنەران لە کاتی بوونی هاوبەشدا (دیاریکردنی ئەرکەکان، پشکەکان، بڕیاردان و چارەسەری ناکۆکییەکان).
- پاراستنی مافی خاوەندارێتیی هزری (Intellectual Property – IP)وەک کۆپیرایت، مافی داهێنان یان نیشانەی بازرگانی لە کاتی پێویستدا.
- تۆمارکردنی فەرمیی دامەزراوەکە یان کۆمپانیاکە و هەڵبژاردنی ناوێکی گونجاو لەگەڵ کولتووری ناوچەکە.
- وەرگرتنی مۆڵەت و ڕێگەپێدانی یاسایی و حکومییە پێویستەکان بەپێی جۆری چالاکییەکە.
- ئامادەکاری بۆ کاروباری باج و تۆمارە یاسایییەکان بە یارمەتیی ڕاوێژکارێکی یاسایی یان دارایی شارەزا لە هەرێمی کوردستان.
٤. پلانی دارایی و دابینکردنی سەرمایە
- خەمڵاندنی سەرجەم تێچووەکانی دامەزراندن (تێچووە جێگیر و گۆڕاوەکانی سەرەتا و تێچووە شاردراوەکان).
- دیاریکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی سەرمایە (پاشەکەوتی شەخسی، قەرزی بانکی، ڕاکێشانی وەبەرهێنەر یان پاڵپشتییە حکومییەکان).
- ئامادەکردنی بودجەی مانگانە و ساڵانە و بەڕێوەبردنی وردی ڕەوتی نەختینەیی (Cash Flow).
- جێبەجێکردنی سیستمی ژمێریاری و دارایی بۆ تۆمارکردنی داهات و تێچووەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایییەکان.
- ئەژمارکردنی خاڵی هاوسەنگبوونی دارایی (Break-even Point)و داڕشتنی سیناریۆ جیاوازەکانی دارایی (گەشبینانە، واقیعی و بەتایبەت ڕەشبینانە).
٥. گەشەپێدانی بەرهەم/خزمەتگوزاری و کارپێکردنی سەرەتایی
- بونیادنانی کەمترین بەرهەمی پەسەندکراو (MVP)بە تەرکیزکردن لەسەر تایبەتمەندییە سەرەکییەکان بۆ تاقیکردنەوەی خێرا لە بازاڕدا.
- پێناسەکردنی پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی (Quality Control)و وەرگرتنی فیدبەک لە کڕیارانی سەرەتایی بۆ باشترکردنی بەردەوام.
- پلانی دابینکردن و زنجیرەی گەیاندن (دابینکردنی کەرەستەی خاو، پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکان، ژێرخانی گەیاندن).
- دیاریکردن و چالاککردنی ئامرازەکانی کارپێکردن )نەرمەکاڵای ژمێریاری، فرۆشتن، سیستمی CRMیان پلاتفۆرمی ئۆنلاین).
٦. مارکێتینگ و فرۆشتن (ستراتیژیی چوونە ناو بازاڕ)
- پێناسەکردنی ناسنامەی براند (ناو، لۆگۆ، دروشم، ڕەنگەکان) و براندکردنی (Branding)سەرکەوتوو لە مێشکی کڕیاردا.
- داڕشتنی ستراتیژیی مارکێتینگ (مارکێتینگی دیجیتاڵی: وێبسایت، باشترکردنی بزوێنەرەکانی گەڕان (SEO)، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مارکێتینگی ناوەڕۆک).
- پلاندانان بۆ ڕیکلام و هاندانەکانی فرۆشتن (داشکاندنی سەرەتایی، ڕیکلامی پێش دەستپێکردن فەرمی).
- دیاریکردنی پڕۆسەی فرۆشتن و ڕاهێنانی تیمی فرۆشتن.
- تۆڕبەندی و دروستکردنی پەیوەندییە گشتییەکان (بەشداریکردن لە چالاکییەکان، پەیوەندی لەگەڵ میدیاکان).
٧. دابینکردنی هێزی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تیم
- دیاریکردنی پێکهاتەی یەکەمی دامەزراوەکە و پێویستییەکانی هێزی مرۆیی هاوشان لەگەڵ لیستی ئەرکە سەرەکییەکان.
- پڕۆسەی دامەزراندن و ڕاکێشانی کەسانی سەرەکی و شارەزا.
- ڕاهێنان و بەهێزکردنی کارمەندان لەرێگەی پڕۆسەی ئامادەکردن و پێشوازیکردن (Onboarding Process)، پێشکەشکردنی فیدبەکی بەردەوام و فەراهەمکردنی دەفرەتی فێربوون.
- دروستکردنی کولتوورێکی تەندروست، ئەرێنی و هاندەر لە ناو دامەزراوەکەدا (ڕێزلێنان، جەژن گرتن بۆ سەرکەوتنەکان، نەرمونیانی نواندن و سپاردنی دەسەڵاتەکان).
٨. بەڕێوەبردنی کارپێکردن و سیستمەکان
- داڕشتنی ڕێکاری ستانداردی کارکردن (SOP)بۆ کارە تکرارییەکان و بەڵگەنامەییکردنیان (Documentation).
- ڕێخستنی سیستمی بەڕێوەبردنی کۆگا و کەرەستەکان بۆ دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکان.
- بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و سیستمە گونجاوەکان (سیستمی دارایی، CRM، دڵنیابوون لە کارایی وێبسایت).
- داڕشتنی میکانیزمی پاڵپشتی و خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان (ڕێگاکانی پەیوەندی، گەرەنتی، مامەڵەکردن لەگەڵ شکاتەکان).
- بەکارهێنانی سیستمی پشتیوانی و پاراستنی زانیارییە هەستیارەکان بە بەردەوامی (Backup).
- کۆنترۆڵکردنی تێچووەکان و باشترکردنی بەردەوامی پڕۆسەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارایی.
- بەڕێوەبردنی مەترسی و ڕیسکە کارپێکردنییەکان (پلاندانان بۆ بڕانی کارەبا، تێکچوونی ئامێرەکان، کێشەی وێبسایت، نەخۆشکەوتنی کارمەندان).
٩. پلانی دەستپێکردنی فەرمی (Launch) و گەشەکردن
- ئامادەکردنی پلانی کاتی بۆ دەستپێکردنی فەرمی (دیاریکردنی ڕۆژ و کات، چالاکییەکانی پێش دەستپێکردن، لە کاتی دەستپێکردندا و دوای دەستپێکردن فەرمی).
- ڕیکلام و پەیوەندییە گشتییەکان بۆ زۆرترین بینران لە کاتی دەستپێکردنی فەرمیدا (دروستکردنی هەستی بەپەرۆشبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشداریکردن لە میدیاکان).
- چاودێریکردنی وردی کارکردن دوای دەستپێکردن و کاردانەوەی خێرا بەرانبەر کێشەکان و دەرفەتەکان.
- داڕشتنی ستراتیژییەکانی گەشە و فراوانبوونی کارەکە (باشترکردنی پڕۆسەکان، زیادکردنی دڵسۆزیی کڕیار، جۆراوجۆرکردنی بەرهەمەکان، بازاڕی نوێ).
- گەورەکردنی قەبارەی کارەکە هاوشان لەگەڵ پاراستنی کوالیتی بەرهەم/خزمەتگوزاری و داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ هێزی مرۆیی لە کاتی گەشەکردندا.
١٠. چاودێریکردن، نەرمونیانی و باشترکردنی بەردەوام
- پێوانەکردنی بەردەوامی ئاستی کارکردن بە پێوەرە سەرەکییەکان (KPIs)(وەک ڕێژەی سەرکەوتن، قازانج، ڕەزامەندیی کڕیاران یان هاووڵاتیان) و بڕیاردان لەسەر بنەمای داتاکان.
- گوێگرتنی چالاک لە دەنگی کڕیار یان هاووڵاتی (ڕاپرسی، بەشی سەرنجەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان).
- ئامادەیی بۆ گۆڕینی ئاڕاستە لە کاتی پێویستدا بە بەکارهێنانی داتا و بەڵگەکان.
- پاراستنی تەرکیز و دوورکەوتنەوە لە پەڕشوبڵاوبوونی سەرچاوەکان لەسەر ئەو دەرفەتانەی پێوەست نین بە ئامانجی سەرەکییەوە.
- بەردەوامبوون لە داهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەر (تەکنەلۆجیا، ڕکابەرەکان، یاساکان، ڕەفتاری بەکارهێنەران).
- گرنگیدان بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی خودی کارسازەکە بۆ بەردەوامبوونی وزە و پاڵنەرەکان.
دامەزراندنی کار و بیزنسێکی نوێ، سەفەرێکی پڕ لە سەرکێشی بەڵام پڕ بەرهەمە. لەم ڕێگە پڕ لە پێچوپەنایەدا، هەبوونی لیستێکی چاودێریی گشتگیر هاوشێوەی چرایەک ڕێگەکەت ڕوون دەکاتەوە و دڵنیاییت پێ دەدات کە هیچ هەنگاوێکی گرنگ فەرامۆش ناکەیت. لە کۆتاییدا، تێکەڵکردنی زانیارییە تەکنیکییەکان (ئەوەی لەم لیستەدا هاتووە) و هونەری کارسازبوون (داهێنان، بوێری و پشتگیریی بەردەوامی تۆ) ڕێگای سەرکەوتنت بۆ ئاسان دەکات. تۆ بە بەکارهێنانی ئەم لیستە دەتوانیت سەرجەم کارەکان ڕێک بخەیت، بەڵام ڕۆحی ڕاستەقینەی سەرکەوتنی دامەزراوەکەت، ئەو تامەزرۆیی و حەزەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کڕیار یان هاووڵاتی و بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر هەتە.
ئەگەر دەتەوێت بیزنسەکەت یان دامەزراوەکەت لەسەر بنەمایەکی پتەوی زانستی و سیستماتیک بونیاد بنێیت و لە یەکەم ڕۆژەوە ڕێگری لە قەیرانەکان بکەیت، ئێمە لێرەین بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی پسپۆڕانەی سیستمکردنی کارەکان. هەر ئێستا پەیوەندیمان پێوە بکە تا پێکەوە نەخشەڕێگایەکی سەرکەوتوو بۆ داهاتووی دامەزراوەکەت دابڕێژین.
#سیستمکردنی_کارەکان #بەرێوەبردنی_بیزنس #دڵنیایی_جۆری #ڕەسول_ساڵح #ئایزۆ9001