پێناسەی پڕۆتۆكۆل
سەرەتای دروستبوونی پڕۆتۆکۆڵ بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پاشاکان، میرەکان، گەورەکانی وڵات بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆیان هەبوو، کۆنترین بەڵگە بۆ وێنەکانی سەر پەرستگاکانی میسڕ دەگەڕێتەوە، کە بۆ بەڕێوەچوونی هەر بۆنەیەک ڕێسا و یاسای تایبەت بە خۆیان هەبووە. لە ئێرانی کۆن لە تەختی جەمشید هەندێک هەڵکۆڵینی ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە، کە ئاماژەیەکن بۆ بوونی پێشینە بۆ هەر یەک لە کەسایەتی و پلەکان.
بە تێپەڕبوونی کات تەشریفات گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە، بە پێی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ژیانی خەڵکی داهاتووە، تەشریفاتیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا تەشریفات لە ژیانی ئاسایی و سیاسی خەڵکیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و پەیڕەوکردنی نیشانەی تێگەیشتووی و پێگەیشتوویی کەسەکە بووە.
پڕۆتۆکۆڵ بە ئینگلیزی (Protocol)، کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت تەشریفات و مەبەست لێی شێوازی میوانداری و ڕێكخستن و ئەنجامدانی گشت بۆنە و مەراسیمەكانە بە تایبەتی ئەگەر میوانان و بەشداربووان كەسانی بیانی و پلە بەرز بن.
تەشریفات لە وشەی (شرف)ـی عەرەبی هاتووە و مانای گەورەیی و ڕێزگرتن و بەگەورەدانان دێت و لە هەندێك شارەزایان لە پەڕتووکەکان وشەی تەشریفاتیان وا لێكداوەتەوە:
رێوڕەسمی میوانداری لەسەر بنەمای ڕێز گرتن و بە شایستەیی و دابینکردنی پێداویستی میوانداری ڕێكوپێك بە مەبەستی میوانداریکردن لەكەسێکی بەڕێز و خۆشەویست لە ماڵەوە یا دەرەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوەی هەیە لە خواردن و خواردنەوە ئامادە دەكرێت.
لە سەرەتای ئەم پەرتووکەدا باسی هونەری ئەتەکێتمان کرد، کە زۆر بابەت بۆ پڕۆتۆکۆڵ زۆر پێویستن و بە نیازین لە بەشی دووەمدا بە کورتی و پوختی باس لە هونەری پڕۆتۆکۆڵ بکەین، بە دڵنیاییەوە ئەم هونەرە سەرەتا بۆ کەسانی دیپلۆماسی بەکاردەهات، بەڵام ئێستاکە بە هۆی بەربڵاوبوونەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتان و تەنانەت ناوخۆیی بۆ هەر تاکێکی کوردستانی پێویستی بە شارەزابوون بە وردەکارییەکانی پڕۆتۆكۆل هەیە. وەک چۆن بۆ پێشوازیکردن لە میوانێکی بیانی پلان دادەنێین و ڕەچاوی بچووکترین وردەکارییەکانی پڕۆتۆكۆل دەکەین، ئاواش لە پێشوازیکردن لە میوانەکانمان چ هاوڕێی تایبەتیمان و چ بەرپرسێکی ناوخۆیی دەبێت گشت ڕێکارە پڕۆتۆكۆلییەکان بگرینە بەرچاو. کاتێک، کە شاندێک یا تەنانەت هاوڕێیەکیشت لە شوێنی کارت سەردانت دەکات پێویستە گشت ئامادەکارییەکان لەبەرچاو بگریت و چەند ناخۆشە، کە سەردانی هاوڕێیەکت دەکەیت و تەلەفۆنت بۆ کردووە، بەڵام لە پرسگە کێشە و پرسیاری زۆرت لێدەکەن و بە ئەستەم ژوورەکەی دەدۆزییەوە و لە کۆتاییش، کە گەیشتییە ژوورەکەی ئەو لەوێ نییە، ئەمە لای تۆ چەند ناخۆشە، من بە سەرم هاتووە، کە وا دەڵێم.
لەوانەیە بڵێین ئەم بەشە زیاتر بۆ فەرمانبەرانی پەیوەندییەکان ئامادەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە وەک ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد بۆ هەموومان بە سوود دەبێت و تەنانەت دەتوانین لە ژیانی ڕۆژانەماندا سوودی لێوەربگرین و ببێتە هۆی پێشکەوتن و ئارامی و دڵنیایی.