هەرێمەکان بناسە

پاراستنی هەرێم و سنوور لە ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل

Table of Contents

پێشەکی

یەکێک لە بنەما سەرەکی و سەرەتاییەکانی ئەتەکێت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەیە هەرێمەکان بناسی و نەیانبەزێنی.

هەر مرۆڤێک (یا بە گشتی هەر بوونەوەرێک) هەرێمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، کە پێویستە لە لایەن مرۆڤەکانی ترەوە ڕێزی لێبگیرێت. سەبارەت بە دوو مرۆڤ زۆر جار بینیومانە، کە بەزاندنی ئەو سنوورانە بۆتە هۆی ناڕەحەتی کەسەکان و تێکچوونی پەیوەندییەکان.

لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێی عاتیفە و حاڵەتی دەروونی و خزمایەتی، کە لە نێوان کەسەکاندا هەیە (جیاوزای هەرێمەکان)، ئەتەکێتی هەڵسوکەوتکردنیش جیاوازە.

بۆ نموونە، کە دەچیته فەرمانگەیەک یا لای هاوڕێیەکت، نابێت سەرت ببیتە ناو لابتۆپ یا کۆمپیوتەرەکە، ئەگەر کەسێک مۆبایلەکەت پێدەدات سەیری وێنەیەک بکەیت، نابێت سەیری وێنەکانی دیکە بکەیت، یا کە بەدوای وێنەیەک دەگەڕێت، نابێت سەیری مۆبایلەکەی بکەیت، نەوەک وێنە تایبەتەکانی ببینی.

 

هەرێمی تایبەت

هەرێمی تایبەت بۆ هەر کەسێک لە تیرەی ١٥ سانتیمەترەوە دەست پێدەکات بۆ تیرەی نیو مەتر. مەودای نێوان ئەو دوو بازنەیە هەرێمی تایبەتی کەسەکانە. تەنها هاوڕێ زۆر خۆشەویستەکان و کەسانی ناو خێزان یان منداڵ، کە لەگەڵ (هەرێمە تایبەتییەکان) ئاشنا نین، دەتوانن ئەو هەرێمە ببەزێنن. لە ڕاستیدا چوون بۆ ناو ئەو هەرێمە مانایەکی تایبەتی هەیە و چوونە ناوی بە بێ مۆڵەت وەرگرتن دوورە لە ئەتەکێتەوە.

 

هەرێمی کەسێتی

هەر کەسێک هەرێمێکی کەسێتی خۆی هەیە، بە قەبارەی بازنەیەک بە گەورەیی نیو مەتر تا یەک مەتر لە دەوروبەری. ئەو هەرێمە تایبەتە بە کەسانێک، کە نە زۆر نێزیکن نە زۆر دوور، وەک هاوکاران، خزمەکان، هاوپۆلییەکان. لە ڕاستیدا ئەو کەسانە بۆیان هەیە لەو سنوورەدا هاتووچۆ بکەن، بەڵام نابێت زیاتر لەوە ببەزێنن.

 

هەرێمی کۆمەڵایەتی

ئەم هەرێمە تایبەتە بە کەسانێک، کە نایناسی و هەموو کەسێک دەتوانێت هاتووچۆی تێدا بکات، کە پێکدێت لە بازنەیەک بە تیرەی یەک مەتر تا تیرەی سێ مەتر و نیو. ئەو مەودایە بە گشتی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی وەک فرۆشیارەکان و خەڵکی ناو شەقام و پارکەکان دەگرێتەوە.

 

هەرێمی گشتی

هەرێمی گشتی هەرێمێکی بەربڵاوە. پسپۆڕان دەڵێن ئەو هەرێمە لە مەودای ٦ مەترەوە دەست پێدەکات و ئەوپەڕیشی نادیارە. بۆ نموونە: بینەرانی گرووپێک، کە خەریکی ناڕەزایی دەربڕینن، بەڵام ٦ مەتر بەولاوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن و ئەو سنوورە نابەزێنن.

تێبینی:

ئەم ستاندارە تایبەتە بە وڵاتی ئوسترالیا (نووسەری یەکەم کتێبی زمانی جەستە هی ئەو وڵاتە بووە)، بۆیە ئەم پێوەرانە وڵات بۆ وڵات جیاوازییان هەیە، بۆ نموونە لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست جاری وا هەیە، کەسەکە بە ڕێژەیەک لە هاوڕێیەکەی نزیک دەبێتەوە تەنانەت دەستی دەخاتە سەر شانی، بۆیە ئەمە ستاندارێکی گشتییە و لە هەندێک حاڵەت و وڵاتدا بەم شێوەیە پەیڕەو ناکرێت.

لە کاتی سڕەگرتندا و لە شوێنە جەنجاڵەکاندا، هەروەها لە کاتی پرسینی پرسیارێک لە کەسێکی نەناسراو، لە هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیدا و زۆر شوێنی دیکەدا، بە ئاسانی ئەو هەرێمانەی لە سەرەوە باسمان کرد دەبەزێندرێن، بەڵام ئەمە حاڵەتێکی تایبەتە و ناچێتە قاڵبێکی هەمیشەییەوە.

پێویستە بە گشتی هەوڵ بدەیت یەکەمین هەنگاوی دروست هەڵبنێیت. نەبەزاندنی سنوورەکان، واتە ئەتەکێت و ڕەفتاری دروست پەیڕەو دەکەیت.

 

لەکتێبی (ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل لە کار و بۆنەکاندا) لەنووسینی (ڕەسول ساڵح خۆشناو) وەرگیراوە.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Scroll to Top