هەڵە باوەکانی نووسینی جۆرەکانی نووسراوی فەرمی؛ کاتێک نامەکە دەگەڕێتەوە

هەڵە باوەکانی نووسینی جۆرەکانی نووسراوی فەرمی؛ کاتێک نامەکە دەگەڕێتەوە

Table of Contents

 

لە ژینگەی کاردا، زۆرجار کێشەکە لە نەبوونی زانیاری نییە؛ کێشەکە ئەوەیە کە زانیارییەکە نازانین کەی، چۆن و لە کوێ بەکاری بهێنین. نووسراوی فەرمی یەکێکە لەو شارەزاییانەی کە زۆربەی کارمەندان هەموو ڕۆژێک پێویستییان پێی هەیە، بەڵام زۆربەیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک فێری نەبووە.

 

چیرۆکێکی ئاشنا

با «ئارام» بناسین؛ کارمەندێکی تازەدامەزراوە لە دامەزراوەیەک. بەیانییەک بەڕێوەبەرەکەی پێی دەڵێت:

»نامەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتی بنووسە و داواکارییەکەمان تێدا ڕوون بکەوە.«

ئارام دانیشت و دەستی کرد بە نووسین. ناونیشان و ڕێزگرتنەکەی دانا، دەقێکی درێژی نووسی، لە کۆتاییدا واژۆی کرد و ناردی بۆ بەڕێوەبەر.

دوای کەمێک، نامەکەی بۆ گەڕێندرایەوە.

لەسەری تەنها نووسرابوو:

»چاکی بکەرەوە.«

ئارام سەیری نامەکەی کرد و لە خۆی پرسی: «کێشەکە لە کوێیە؟ هەموو وشەکانم دروستن! «

 

ئەمە کێشەی سەرەکییە.

نووسینی دروست، هەمیشە بە مانای نووسراوی فەرمیی دروست نییە.

 

١. هەڵەی یەکەم: تێکەڵکردنی «نووسین» و «نووسراوی فەرمی«

نووسراوی فەرمی تەنها کۆکردنەوەی وشە و ڕستە نییە. هەر نووسراوێک دەبێت ئامانجی ڕوونی هەبێت:

بۆچی دەنووسم؟ بۆ کێ دەنووسم؟ لە کۆتاییدا چی دەخوازم ئەنجام بدرێت؟

کاتێک ئەم سێ پرسیارە وەڵامیان نەدرابێتەوە، زۆرجار نووسراوەکە درێژ، ناڕوون و کەم‌کاریگەر دەبێت.

 

٢. هەڵەی دووەم: داواکاریی ناڕوون

یەکێک لە باوترین هەڵەکان ئەوەیە نووسەر، بابەتەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی بە ڕوونی نانووسێت.

بۆ نموونە:

»تکایە لەبارەی ئەم بابەتەوە ئاگاداری پێویست بدرێت«.

ئەم ڕستەیە پرسیارێکی گەورە دروست دەکات:

کێ چی بکات؟ کەی بیکات؟

نووسراوی باش پێویستە کردار، بەرپرسیار و، لە شوێنی پێویستدا، کات و سنووری کار ڕوون بکات.

 

٣. هەڵەی سێیەم: درێژنووسین لەجیاتی ڕووننووسین

هەندێک کەس پێیان وایە نووسراوی فەرمی دەبێت زۆر درێژ و پڕ لە وشەی قورس بێت.

بەڵام فەرمیبوون بە مانای ئاڵۆزبوون نییە.

نووسراوی پیشەیی دەبێت ڕوون، کورت و ئامانجدار بێت. ئەگەر بتوانیت هەمان پەیام بە ڕستەی کەمتر و ڕوونتر بگەیەنیت، زۆرجار ئەوە پیشەییترە.

 

٤. هەڵەکانی ڕاپۆرت‌نووسین

ڕاپۆرت لەگەڵ نامە جیاوازە. هەڵەی باو ئەوەیە کە هەموو شتێک بە شێوەی چیرۆک دەنووسرێت، بەبێ ئەوەی زانیارییەکان ڕێکبخرێن.

ڕاپۆرتی باش پێویستی بە:

  • بابەتی ڕوون
  • زانیاری و بەڵگە
  • ڕێکخستنی بیرۆکەکان
  • ئەنجام
  • و، لە کاتی پێویستدا، پێشنیار

هەیە.

ئەگەر خوێنەر لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هێشتا نەزانێت چی ڕوویداوە، بۆچی ڕوویداوە و چی پێویستە بکرێت، ڕاپۆرتەکە ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە.

 

٥. هەڵە لە کۆنووس و فۆرم

هەر جۆرە نووسراوێک ئامانج و شێوازی خۆی هەیە.

کۆنووس دەبێت بڕیار و خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوە بە ڕوونی تۆمار بکات، نەک هەموو قسەکان و گفتوگۆکان.

فۆرم دەبێت زانیاریی پێویست کۆبکاتەوە، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەر لە پرسیارە زۆر و ناڕوونەکاندا سەرلێشێواو بێت.

کەواتە، هەڵەیەکی گەورە ئەوەیە هەمان شێوازی نووسین بۆ هەموو جۆرە نووسراوەکان بەکاربهێنین.

 

٦. ئیمەیلی فەرمی؛ نامەیەک کە زۆر کەس بە هەڵە دەنووسێت

لە ئیمەیلی فەرمیدا هەندێک هەڵە زۆر دووبارە دەبنەوە:

(بابەت)ـی ناڕوون، دەقی زۆر درێژ، نەبوونی داواکاریی ڕوون، فایلێکی هاوپێچکراوی نەناسراو، یان ناردن بەبێ پشکنینی کۆتایی.

ئیمەیلی فەرمی پێویستی بەوەیە خوێنەر لە یەکەم سەیرکردندا بزانێت:

بابەت چییە و من لە تۆ چی دەخوازم؟

 

چۆن ئەم هەڵانە کەم بکەینەوە؟

پێویست ناکات دەیان یاسا لەبەر بکەیت. پێش ناردنی هەر نووسراوێکی فەرمی، ئەم ٥ پرسیارە لە خۆت بکە:

١. ئامانجی ئەم نووسراوە چییە؟

٢. کێ دەبێت بیخوێنێتەوە؟

٣. چی دەخوازم خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی بکات؟

٤. ئایا دەقەکە ڕوون و کورتە؟

٥. ئایا پێش ناردن پشکنینم کردووە؟

ئەگەر بتوانیت بە ڕوونی وەڵامی ئەم پێنج پرسیارە بدەیتەوە، ئەوا یەک هەنگاوی گرنگت بەرەو نووسراوی پیشەیی هەڵگرتووە.

 

نووسراوی باش، تەنها نووسین نییە

ئارام لە چیرۆکەکەماندا دووبارە نامەکەی نووسییەوە. ئەمجارە پێش نووسین سێ پرسیاری لە خۆی کرد:

بۆچی دەنووسم؟ بۆ کێ؟ چی دەخوازم بکات؟

پاشان دەقەکەی کورتتر، ڕوونتر و ڕێکخراوتر کرد.

ئەمجارە نامەکە نەگەڕێندرایەوە.

ئەمە جیاوازیی نێوان «نووسین» و «نووسراوی فەرمی»یە.

نووسراوی فەرمی مهارەتێکە؛ وەک هەر مهارەتێکی دیکە، بە زانیاری تەنها دروست نابێت. پێویستی بە تێگەیشتن، ڕاهێنان، نموونە و سیستەم هەیە.

ئەگەر کارمەندیت، جویندەکاری، خوێندکاری یان خاوەن بەرپرسیارێتییەکی کارگێڕیت، توانای نووسینی نووسراوی فەرمی تەنها مهارەتێکی جوان نییە؛ بەشێکە لە پیشەییبوونت.

 

 

🎯 ئایا دەتەوێت نووسراوە فەرمییەکانت بە شێوەیەکی پیشەیی بنووسیت؟

ئەگەر تا ئێستا نامەیەکت گەڕاوەتەوە بۆ چاککردنەوە، یان هەر جارێک لە کاتی نووسینی نووسراوی فەرمی‌دا پرسیارت بۆ دروست دەبێت کە:

»ئایا ئەمە بە شێوەی دروست نووسراوە؟«

کاتی ئەوە هاتووە ئەم شارەزاییە بە شێوەیەکی ڕێکخراو فێربیت.

لە وێبیناری خۆڕایی «٧ هەڵەی کوشندە لە نووسینی نووسراوە فەرمییەکان» بەشداری بکە و لە ماوەی ٤٠ خولەکدا لەگەڵمان ئەمانە باس دەکەین:

  • کام هەڵانە زۆرینەی کارمەندان و تازەکاران دووبارەیان دەکەنەوە؛
  • بۆچی هەندێک نووسراو لەلایەن بەڕێوەبەرەوە دەگەڕێندرێنەوە؛
  • چۆن داواکارییەکانت بە ڕوونی بنووسیت؛
  • و چۆن نووسراوە فەرمییەکانت بە شێوەیەکی پیشەیی، ڕوون و کاریگەر ئامادە بکەیت.

🎁 بەشدارییەکە بە تەواوی خۆڕاییە.

ئێستا خۆت تۆمار بکە و شوێنێک بۆ خۆت مسۆگەر بکە.

👉 تۆمارکردنی خۆڕایی بۆ وێبینار ]+[

 

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Scroll to Top