دیجیتاڵ مارکێتینگ یەکێکە لە ستراتیژییە گرنگەکانی مارکێتینگ لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە ڕۆڵێکی دیار دەگێڕێت لە ڕاکێشان و پاراستنی کڕیاران بەهۆی فراوانبوونی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکانەوە.
لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆ قۆناغە جیاوازەکانی پرۆسەی دیجیتاڵ مارکێتینگ و ئەو کردارانە دەکەین کە پێویستە لە هەر قۆناغێکدا ئەنجام بدرێن.
1. تێگەیشتن لە کەسبوکارەکە (Business Understanding)
یەکەم هەنگاو لە هەر پرۆسەیەکی دیجیتاڵی مارکێتینگدا تێگەیشتنێکی وردە لە بزنسەکە. ئەم قۆناغە شیکردنەوەی دۆخی ئێستای بازاڕ، دەستنیشانکردنی بەشەکانی کڕیار (بەشەکانی جوگرافی، دیمۆگرافی، ڕەفتار و دەروونی) و دیاریکردنی پێشنیاری بەها بۆ کڕیاران لەخۆدەگرێت. هەروەها لەم قۆناغەدا مۆدێلی جیاواز بۆ بەشە دەروونی و ڕەفتارییەکان دروست دەکرێن بۆ ئەوەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی تایبەتمەند پێشکەش بە هەندێک گروپی کڕیاران بکرێن.
2. دیزاینی براند و دۆزینەوەی پێگە (Brand and Positioning)
لە هەنگاوی داهاتوودا دیزاینی براند و پێگەی لە بازاڕدا زۆر گرنگە. ئەمەش بریتییە لە دروستکردنی براندێکی بەهێز، دانانی نرخێکی گونجاو، کەمکردنەوەی تێچوون و مەترسییەکان، و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن و ئاسانکاری بەکارهێنان بۆ کڕیاران. ئەم کردارانە یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی براندێکی متمانەپێکراو و ناسراو.
3. هەڵبژاردنی کەناڵەکانی پەیوەندی (Channels)
لە دیجیتاڵ مارکێتینگدا هەڵبژاردنی کەناڵە گونجاوەکان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیاران زۆر گرنگە. ئەم کەناڵانە بریتین لە کەناڵەکانی هۆشیاری، کڕین، گەیاندن، دوای فرۆشتن و هەڵسەنگاندن. کۆکردنەوەی زانیاری و شیکردنەوەی زۆر گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای هەر کەناڵێک بە مەبەستی باشترکردنی ستراتیژییەکانی بازاڕکردن.
4. دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کڕیاران (Customer Relationships)
پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ کڕیاران یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ. ئەم پەیوەندییە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئامرازە جیاوازەکانی وەک ڕاپرسی و سیگناڵە کۆمەڵایەتییەکان و شیکاری SEO ئەنجام بدرێت. ئامانج لێی ئەوەیە کە کڕیارەکان نەک تەنها بەردەوام بن لە کڕین لە بزنسەکە، بەڵکو وەک باڵیۆزی براند مامەڵە بکەن.
5. شیکاری ڕکابەران (Competitor Analysis)
شیکاری ڕکابەرەکان لە دیجیتاڵ مارکێتینگدا یارمەتیدەرمانە بۆ زانینی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ڕکابەرەکان و بەکارهێنانی دەرفەتەکان بۆ باشترکردنی ئەدای کارکردنمان. ئەم شیکارییە بریتییە لە سەیرکردنی ئەو وشە سەرەکییانەی کە ڕکابەرەکان بەهێزن تێیدا، لەوانە: بوودجە و قەبارەی تیمی بازرگانیکردنیان، و پلاتفۆرم و کەناڵەکانی پەیوەندیکردنیان … .
6. پەرەپێدانی ئامانجەکانی بازاڕکردن (Marketing Objectives)
ئامانجەکانی بازاڕکردن دەبێت بە ڕوونی دیاری بکرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە وردی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. ئەم ئامانجانە دەتوانن بریتی بن لە زیادکردنی فرۆشتن، ڕاگرتنی کڕیاران، باشترکردنی پشکی بازاڕ و پەرەپێدانی براندەکە. هەروەها پێویستە پێوەرەکانی سەرەکی ئەدای کارکردن (KPIs) پێناسە بکرێن بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتن بەرەو ئەم ئامانجانە.
7. جێبەجێکردنی ستراتیژی (Strategy Execution)
جێبەجێکردنی ستراتیژی مارکێتینگی دیجیتاڵی بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازە جۆراوجۆرەکانی وەک SEO، ڕیکلامی ئۆنلاین، مارکێتینگی ئیمەیڵ، مارکێتینگی سۆشیال میدیا، و ڕێکلامەکانی گووگڵ. ئەم ڕێوشوێنانە پێویستە لەسەر بنەمای مۆدێلی بازرگانی و جۆری ماڵپەڕەکە پەرەی پێبدرێت.
8. شیکردنەوە و باشترکردن (Analysis and Improvement)
دوای جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی بازاڕکردن، پێویستە شیکاری ئەنجامەکان بکرێت. ئەم شیکارییە پێداچوونەوە بە هاتوچۆی ماڵپەڕەکان، ڕێژەی گۆڕانکاری، تێچوونەکان و فیدباکەکانی کڕیار لەخۆدەگرێت. بە کەڵک وەرگرتن لەم زانیاریانە، دەکرێت خاڵە لاواز و بەهێزەکانی هەڵمەتەکان دەستنیشان بکرێت و ستراتیژییەکانی داهاتوو باشتر بکرێت.