وەکو هەموومان دەزانین ئەمڕۆکە فرۆش بە دایکی هەموو پیشە و کەسبوکارێک دادەندرێت و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فرۆش، دانوستاندانێکە بۆ ڕازیکردن بەرامبەر بۆ بەستنی گرێبەست یا فرۆشتنی بەرهەم (کەلوپەل یا خزمەتگوزارییەک)، بۆیە هەست بە پێویستبوونی لە کتێبخانەی کوردیدا دەکرا.
بەشی یەکەم، لە ژێرناوونیشانی (بنەماكانی فرۆش وفرۆشیاری پڕۆفێشناڵ) باس لە بنەماکانی فرۆشی سەرکەوتوو و بوون بە فرۆشیاری سەرکەوتوو کراوە.
لە بەشی دووەم؛ بە ناوونیشانی (ڕێكڵام وبازاڕسازیی دیجیتال)،بە کورتی باس لە بناماکانی بازاڕسازی و بەدستهێنانی بازاڕی باش لە ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا دەکرێت و لە کۆتایی بەشی دووەم ئینستاگرام وەک نموونەیەکی سۆشیالمیدیا وەرگیراوە و چەند ڕێکارێک خراوەتەڕوو بۆ ئەوەی بتوانین کڕیارەکانمان ئێمە بدۆزنەوە و بازاڕێکی باش بەدەست بهێنین.
تەكنیكەكانی فرۆش، ناوونیشانی بەشی سێیەمی پەرتوکەکەیە و چەند تەکنیکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی فرۆش خراوەتەڕوو، کە بە هۆیەوە دەتوانن کۆتایی بە فرۆش بهێنین و لە ئەنجامدا فرۆشی باش بەدەست بهێنین.
خانەی چوارچرا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەرکی لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە. کاری دیزاینی بەرگ لە لایەن، سالار سوپا ئەنوەر و پیداچوونەوە و پیداچوونەوە و هەڵچنینش لە لایەن ساڵار محەممەد (شاخەوان) ئەنجام دراوە و ژمارەی سپاردنی (٤٤٦)ی ساڵی ٢٠٢٠ی پێدراوە و نرخی پەرتووکەکە ٢هەزار دینارە، پەرتووکەکە ١٣٦ لاپەڕە و بە قەبارەی گیرفانییە، بۆ ئەوەی هەڵگرتن و خوێندنەوەی ئاسان بێت و لە سێ بەش پێکهاووە.