باڵادەستی پەیوەندییە گشتییەکان لە زیادبوونی فرۆش و دابەزینی ریکلامدا

Table of Contents

 

 

چۆن پردی (هارتۆن) بەناوبانگ بوو؟

لە ساڵی ١٩٨٣ لە تەلەفزیۆن ڕاگەیەندرا کە پردی بروکلن نوێ دەکرێتەوە. پیاوێک بە ناوی پاوڵ هارتۆنیان دەستبەجێ چووە ئەوێ و لەگەڵ تیمی نۆژەنکردنەوە قسەی کرد. ئەوان دەیانویست هەموو دارەکانی پردە کۆنەکە فڕێ بدەن. پێشنیاری بۆ ستافەکە کرد کە هەموو پارچە دارەکانی پردە کۆنەکە بە ٥٠٠ دۆلار بکڕێت و یەکسەر ڕازی بوون.

دوای کڕینی دارەکان، دەستی کرد بە پڕۆژەکەی، هەموو دارەکانی بردە لای دارتاشە هاوڕێکەی و دارەکانی بەسەر پارچەی بچووکی یەکساندا دابەشی کرد. پاشان بابەتێکی ڕۆژنامەوانی ئامادە کرد بەم ناونیشانە:

پیاوێکی خەڵکی نیوجرسی پردی بروکلن بە ١٤.٩٥ دۆلار دەفرۆشێت!

هارتۆنیان لەگەڵ پارچە دارەکان، لەنامەیەکدا مێژوو و زانیاری دیکەی پردەکەی تایپ کرد و چەند سەد دانەیەکی لە نامەکەی بۆ گۆڤار و چاپەمەنی جۆراوجۆرەکان نارد، کە تێچووی گشتی کەمتر لە ١٠٠ دۆلار بوو. ڕۆژی دواتر هیچ ڕووی نەدا، بەڵام دوای دوو ڕۆژ، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەستیان پێکرد. پەیامنێری جۆراوجۆر پەیوەندییان دەکرد بۆ وەرگرتنی کاتی چاوپێکەوتن، ڕۆژانە ڕاپۆرت ئامادە دەکرا و بڵاو دەکرایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە پەیامنێری زیاتر ڕوو لە ماڵی بەڕێز هارتۆنییان بکەن.

 

پاشان شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕوویدا، لە کەناڵی CNN تەلەفۆنیان بۆ کرد و بە کامێرا و ئامێری دیکەوە هاتنە ئەوێ بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن. ئەم کورتە ڕاپۆرتەی کەناڵی سی ئێن ئێن چەند جارێک لە تەلەفزیۆنەکان پەخش کرا.

 

دوای دوو مانگ، پێشکەشکاری بەناوبانگی تەلەفزیۆنی جۆنی کارسۆن تەلەفۆنی بۆ بەڕێز هارتۆنیان کرد و بانگهێشتی کرد بۆ بەشداریکردن لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکەی.

هارتۆنیان لە ماوەی ٦ مانگدا بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئەمریکا.

ئەم چیرۆکە راستەقینەیە، هێزی گێڕانەوەی گشتی و باڵادەستییەکەی بەسەر پڕوپاگەندەدا و ڕێکلام نیشان دەدات.

 

پەیوەندییە گشتییەکان چییە؟

پێناسەیەکی زۆر سادە بۆ پەیوەندییە گشتییەکان ئەوەیە: بەکارهێنانی ماسمیدیا و سۆشیالمیدیا و هەر ئامرازێک هاوشێوەی بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و خۆشەویستی زیاتر!

 

سوودەکانی پەیوەندییە گشتییەکان بە بەراورد بە ریکلام

بۆ چاپکردن یان پیشاندانی ریکلامێک، دەبێت بڕە پارەیەکی بەرچاو بدەیت. بەڵام ئەگەر پەیوەندییە گشتییەکان بەکاربهێنیت، پێویست ناکات هیچ پارەیەک بدەیت، نووسەر یان پەیامنێر بەبێ ئەوەی مووچەت لێ وەربگریت لەسەر تۆ و کارەکەت و بەرهەمەکانت دەنووسێت و ڕاپۆرت ئامادە دەکات. لە ڕاستیدا هەندێجار ئەو خۆی بەدوای زانیاریدا دەگەڕا و کارەکەتی ناسیوە.

کاریگەری پەیوەندییە گشتییەکان زۆر زیاترە لە ریکلام. کاریگەری و مانەوەی پەیوەندییە گشتییەکان زۆر درێژترە لە ریکلام و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر فرۆشتنەکانت هەبێت.

 

ئەو ناوەڕۆکە کە لەلایەن پەیوەندییە گشتیەکانەوە بڵاودەکرێتەوە بەفراوانی دەگاتە خەڵکی زیاتر. ڕەنگە تەنانەت گۆڤارێک یان کەناڵێکی تەلەفزیۆنیش ئەو بابەتە دووبارە بڵاو بکاتەوە، ئەمەش وا دەکات زیاتر بەناوبانگ بیت.

 

ریکلام بایە، PR خۆرە

لە یەکێک لە ئەفسانەی دێرین (ئیسۆپ)دا، با و خۆر ناکۆکییان لەسەر ئەوە هەبوو کە کامیان بەهێزترە. لە هەمان کاتدا ڕێبوارێک لە ڕێگاکە تێدەپەڕی. بڕیار دەدەن هێزی خۆیان تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن کامیان دەتوانێت وا لە ڕێبوارێکە بکات پاڵتۆکەی دابکەنێت. سەرەتا نۆرەی با بوو. بەڵام تا با بەهێزتر بێت، رێبوارەکە زیاتر پاڵتۆکەی بەدەوری خۆیدا دەپێچێتەوە. پاشان خۆر هەڵهات و دەستی کرد بە درەوشانەوە، زۆری نەخایاند رێبوارەکە هەستی بە گەرما کرد و پاڵتۆکەی داکەند؛ خۆر سەرکەوت.

 

ناتوانیت بە زۆر خۆت بخەیتە ناو مێشکی بینەرەوە. لەم حاڵەتەدا ریکلام بە پرسێکی سەپێنراو دادەنرێت، تا ئارەزووی فرۆشتن بەهێزتر بێت، با بەهێزتر دەبێت و بینەر بەرەنگاری پەیامی فرۆشتن دەبێتەوە. PR خۆرە. ئەمڕۆ ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری لە ڕۆڵ و ئەرکەکان داین؛ ئەوە پەیوەندییە گشتییەکانە کە لەم ڕۆژانەدا دەتوانێت لە پێگەی سەرکردەیەکدا سەرکردایەتی بەرنامەیەکی بازرگانی بکات و بگاتە ئامانج.

 

ئێستا، لە هەر شوێنێک سەیر دەکەین، ئێمە شاهیدی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیین لە بازاڕدۆزی لەسەر بنەمای ریکلامەوە بۆ بازاڕدۆزی لەسەر بنەمای پەیوەندییە گشتییەکان، چیتر ناتوانرێت براندێکی نوێ بخرێتە بازاڕەوە تەنها بەپشت بەستن بە ریکلام، چونکە ریکلام کاریگەری زۆری نەماوە. ریکلام پەیوەندییەکی یەکلایەنەی کۆمپانیایەکە کە تەنها بیر لە فرۆشتنی زیاتر دەکاتەوە.

 

PR کاریگەرە و ئیعتبیباری هەیە، بەڵام ریکلام وانییە! لەوانەیە بتوانیت بە بەرنامەیەکی ریکلامی زۆر حیسابکراو کاریگەری ئەرێنی لەسەر بینەرەکانت دروست بکەیت، بەڵام بە یارمەتی پەیوەندییە گشتییەکان دەتوانیت بە ئاسانی و باشتر ئەنجامی دڵخوازت بەدەست بهێنیت. لە کاتی ڕاوێژکردن لەگەڵ کڕیارەکاندا، بەگشتی یەکەم ئامۆژگاریمان بۆیان ئەوەیە،کە هەر بەرنامەیەکی نوێی بازرگانی پێویستە بە زانیاری دەست پێبکات و وردە وردە دوای گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی پەیوەندییە گشتیەکان، پلاندانانی ریکلام لە دەوری ئەودا ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو بەڕێوەبەرانەی کە لەژێر کاریگەری کلتوری ریکلامدان، ئەمە بیرۆکەیەکی نوێ و شۆڕشگێڕانەیە و بۆ ئەوانی دیکەش پەرەسەندنێکی سروشتییە لە بیرکردنەوەی بازاڕکردندا.

درێژەدان بە پرۆسەی پەیوەندییە گشتییەکان

پێویستە ریکلام لەڕووی کات و فۆڕماتەوە پەیڕەوی لە پەیوەندییە گشتیەکان بکات. ڕیکلام لە ڕاستیدا درێژەپێدەری پرۆسەی پەیوەندییە گشتیەکانە، کە ئامرازی جیاواز بەکاردەهێنن و پێویستە دوای سووڕی بەرنامەی پەیوەندییە گشتییەکان دەست پێبکرێت. گرنگترە فۆڕماتی بابەتی بەرنامەیەکی ریکلام بە شێوەیەک هەڵبژێردرێت کە بتوانێت ئەو چەمکە دووبارە بکاتەوە کە پەیوەندییە گشتییەکان لە مێشکی بینەردا دروستی کردووە.

 

ڕیکلام مردووە، بژی پەیوەندییە گشتییەکان

چۆن دەتوانێت ریکلام مردوو بێت لە کاتێکدا لە هەموو شوێنێک هەیە؟ لە هەر شوێنێک سەیر بکەیت ریکلام دەبینیت. هەر وەک نیگارکێشان. نیگارکێشیش مردووە؛ هەرچەندە ئەمڕۆ لە جاران گرنگترە. کاتێک باس لە مردنی نیگارکێشی دەکەین، مەبەستمان مردنی خودی ئەم هونەرە نییە، بەڵکو مەبەستمان مردنی کارکردەکەیە وەک ڕەنگدانەوەی واقیع.

 

 بەهای ڕیکلام

چ بەهایەک دەخەیتە سەر ئەو تابلۆ گرانبەهایەی کە لە ژووری دەستەی بەڕێوەبرندا هەڵواسراوە؟ دەتوانیت هەمان لۆژیک بەکاربهێنیت بۆ دیاریکردنی بەهای ریکلامی کۆمپانیایەک وەک چۆن بۆ تابلۆیەک دەیکەیت، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە ریکلام ئەوەندە بەهای تێچووی نییە؛ تەنها لە یەک حاڵەتدا نەبێت کە زۆر گرنگە و ئەویش ئەوەیە کە ئامانجێکی پراکتیکی هەبێت. لەو حاڵەتەدا بەنرخ دەبێت. بەڵام ئامانجی پراکتیکی ریکلام چییە؟ ئامانجی سەرەکی ڕیکلام دروستکردنی براندێک یان بنیاتنانی نییە، بەڵکو پشتگیریکردن و بەرگریکردنە لە براندێک کە بە بەکارهێنانی ئامرازی تر دروستکراوە و دامەزراوە.

 

مانای ئامرازەکانی تر بە پلەی یەکەم بەکارهێنانی پەیوەندییە گشتیەکانە بۆ بنیاتنانی ناوی براندەکە و دواتر پەسەندکردنی لەلایەن گروپی سێیەمەوە (میدیای گشتی). بێگومان نابێت گرنگی بەرگریکردن لە ریکلام بە کەم سەیر بکرێت. لە سەرەتادا زۆرێک لە کۆمپانیاکان بۆ جێگیرکردنی ناوەکەیان پارەیەکی زۆر لە ڕیکلامدا خەرج دەکەن، لە کاتێکدا دەبوو ئەو بڕە پارەیەیان بۆ پەیوەندییە گشتییەکان خەرج بکردایە، دوای جێگیرکردنی ناوەکەیان، گرنگی ڕیکلامکردن لە پشتیوانیکردن و بەرگریکردن لێی لەبیر دەکەن.

 

دوو ئەرکی سەرەکی بەرنامەی مارکێتینگ، سەرەتا دروستکردنی براندێکە و دواتر پشتگیریکردن و بەرگریکردنیەتی. پەیوەندییە گشتییەکان براندێک دروست دەکات و ریکلام پشتگیری دەکات. جێگەی داخە کە ڕێکلامکەران ئەوەندە کات و وزە بەسەر دەبەن بۆ دروستکردنی براندێک کە چیتر توانای سۆزدارییان نییە بۆ شەڕکردن و بەرگریکردن لەو ناوە لە شەڕی بازاڕدا.

 

 

بەهای نوێبوونەوە و داهێنان

داهێنان بە مانا گشتیی وشەکە، گەڕانە بەدوای تازەگەری و جیاوازیدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕەسەنایەتی. بەڵام تازەگەری و جیاوازی زۆر کاریگەر نین لە بەرگریکردن و پشتگیریکردنی ناوی براندێک. بۆ بەرگریکردن لە براندێک پێویستە دووبارە جەخت لەسەر بەها ڕاستەقینەکانی ئەو ناوە بکەیتەوە. دەبێت لە ڕیکلامەکەدا هەمان شت بڵێیت کە لەگەڵ چاوەڕوانی بەکاربەردا دەگونجێت. دەبێت بتوانیت ئەوەندە قەناعەت بە بەکاربەر بکەیت کە لە دڵی خۆیدا بڵێت: “ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت”.

 

کاتێک براندێک لە مێشکی خەڵکدا جێگیر بوو، داهێنان دوا شتە کە پێویستت پێیەتی. ئەمە پەیوەندییە گشتییەکانە کە دەبێ داهێنەر و جیاواز و نوێخواز و ڕەسەن بێت. باشترین ڕێگە بۆ دامەزراندنی براند بریتییە لە ناساندنی پۆلێکی نوێ بۆ ئەو بەرهەمەی کە قسەی لەسەر دەکرێت، کە پێویستی بە بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە لە بەرزترین ئاستدا.

 

 

رێبازی پەیوەندییە گشتییەکان

ڕوونە کە هەندێک بەرهەم و خزمەتگوزاری بە ئاسانی لە مێشکی کڕیارەکاندا جێگیر دەبن و بوونەتە براندی سەرکەوتوو. بەڵام چۆن؟  لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوە؛ هەموو سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی بازاڕکردن لەسەر بنەمای ریکلام، سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای پەیوەندییە گشتییەکانەوە سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە: ستاربەکس، ئەمازۆن، یاهوو، مایکرۆسۆفت، بلاکبێری و گووگڵ … .

 

وردبوونەوە لە مێژووی زۆربەی براندە گەورەکان ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، براندە ناسراوە بێشومارەکان لە ڕاستیدا بەبێ ریکلام دروست دەکرێن.

 

باڵادەستی پەیوەندییە گشتییەکان بەسەر ریکلامدا، هاوتەریب لەگەڵ بەرهەمهێنان و جێگیرکردنی ناوی براندەکە، وردە وردە هاتۆتە بواری توێژینەوەی زانستی. لە توێژینەوەیەکی نوێدا لەسەر ٩١ بەرهەمی نوێ دەرکەوتووە کە ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر بنەمای چالاکییەکانی پەیوەندییە گشتییەکان خراونەتە بازاڕەوە سەرکەوتووترن لە بازاڕدا بە بەراورد بەو بەرهەمانەی کە تەنها بە ریکلام خراونەتە بازاڕەوە.

 

 

سەرەتا زانیاری، پاشان ریکلام

ڕیکلام ناتوانێت براندێکی نوێ بەرهەم بهێنێت؛ بەڵام زانیاری دەتوانێت ئەم کارە بکات. ریکلام تەنها دەتوانێت ئەو براندە بپارێزێت کە پێشتر بە زانیاری دروست کراوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕیکلام ناتوانێت ئاگر هەڵبگیرسێنێت، تەنها دەتوانێت ئاگرێک بە گەشی بهێڵێتەوە.

 

پێویستت بە ئیعتیبار و متمانە هەیە بۆ دەستپێکردنی هەر شتێک کە تەنها کەسێکی دیکە یان لایەنی سێیەم بتوانێت پێشکەشی بکات. کەواتە قۆناغی یەکەمی هەر چالاکییەکی ئابووری نوێ دەبێت پەیوەندییە گشتییەکان بێت.

 

جەنگ و بەبازاڕکردن زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئەو ژەنەڕاڵانەی ئەمڕۆ بە چەکی دوێنێ شەڕ دەکەن، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پێشەنگەکانی بازاڕدۆزیدا نییە، کە بە چەکی ڕیکلام، شەڕی بازاڕی ئەمڕۆ دەکەن. ئەمڕۆ دەبێت چەکی نوێی بەڕێوەبەرانی بازاڕ، پەیوەندییە گشتیەکان بێت.

 

لە داهاتوودا، سەنیاری زیاتر داوای یارمەتی لە ناوەندەکانی پەیوەندییە گشتیەکان دەکەن بۆ دیاریکردنی سیاسەتی بازاڕدۆزیان و خستنەڕووی ناوەکەیان، هەروەها ریکلام بە ناچاری بەدوای پەیوەندییە گشتییەکاندا دەبێت. چاوەڕوانی گەشەی تەقینەوە بکەن لە پیشەسازی PR لە داهاتوویەکی نزیکدا.

 

لە داهاتوودا گوێت لە ناڵە خەمناکەکانی پیشەسازی ریکلام دەبێت و ئەمەش تەنها بەهۆی کێشەی داراییەوە نییە، بەڵکو لەوەش گرنگتر بەهۆی کەمبوونەوەی ڕۆڵ و متمانەی ڕیکلام وەک فاکتەری تەقلیدی لە پلانەکانی بازاڕکردندا.

 

بازاڕدۆزی هاتۆتە بواری پەیوەندییە گشتیەکانەوە.

 

 

 

سەرچاوە:

  • ماڵپەڕی مدیرسبز
  • ماڵپەڕی بورسینس

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Scroll to Top